Research

یەکەم توێژینەوەی زانستی لەبارەی فەیک نیوز لە کوردستان: ‌حیزبەکان، میدیای سێبەر و سۆشیاڵ میدیا

This article was originally published on Toebend.net

حەکیم داود قەرەداغی*

پێشەکی

هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هەموو جیهان رووبەڕووی ئاڵنگارییەکانی کامپەینی فەیک نیوز یان (هەواڵی درۆ) بووەتەوە. بەڵام ئەوەی کوردستان لە بەشێک لە وڵاتانی جیهان جیادەکاتەوە ئەوەیە حیزبە سیاسییەکان، میدیای فەرمی و سێبەری حیزب و بەشێک لە میدیای سەربەخۆش رۆژانە هەواڵی فەیک و زانیاری درۆ بڵاودەکەنەوە. ئەمە بۆچوونی خۆم نییە، ئەنجامی نامەی ماستەرەکەمە.

کاتێک لە زانکۆی سالفۆرد لە بەریتانیا بۆ خوێندن لە بواری رۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی وەرگیرام هێشتا بڕیارمنەدابوو نامەی ماستەرەکەم لە چی بوارێکدا بێت. بەڵام دوای چەند مانگێک خوێندن بۆم دەرکەوت باشترین بابەت بۆ توێژینەوە لە میدیای کوردستاندا فەیک نیوزە، چونکە هەم بابەتێکی نوێیە و هەم هیچ ئامارێکیش لەبەردەستدا نییە. نەبوونی داتا لە هەر بوارێکی توێژینەوەدا ئاڵنگاری زۆر رووبەڕووی توێژەر دەکاتەوە، بەڵام لەڕێگەی دەستخستنی داتای نوێی تایبەت بە خۆی-بەتایبەت کە لە خوێندنی ماستەردا دەگمەنە- توێژەر دەتوانێ لێکۆڵینەوەکەی فراوانتر و باشتر بکات. ئەنجامەکەش هەر ئەوە بوو، توێژینەوەکەم پلەی یەکەم (Distinction) بەدەستهێنا.

پرۆپۆزەڵی  توێژینەوەکە لەبارەی “رۆڵی سۆشیاڵ میدیا بوو لە بڵاوکردنەوەی فەیک نیوز لە هەرێمی کوردستانی عێراق”. بەڵام زۆرجار ئەو پرۆپۆزەڵەی کە توێژەر دەینووسێت و پرسیاری لەبارەوە دەکات، لە ئەنجامی توێژینەوەکەیدا بە ئاقارێکی دیکەدا دەیبات و ناچارە تەنانەت ناونیشانی توێژینەوەکەش بگۆڕێت. ئەمەش وابوو، دوای دەستکەوتنی ئەنجامەکان ناونیشانەکە گۆڕدرا بۆ “فەیک نیوز لە کوردستان: حیزبە سیاسییەکان، میدیای سێبەر و سۆشیاڵ میدیا”.

لە سەرەتای گفتوگۆکانم لەگەڵ سەرپەرشتیاری توێژینەوەکەم باسی کاریگەری میدیای “سێبەر”م کرد لە کوردستان. پرۆفیسۆر شەیمس سیمپسن بە سەرسوڕمانەوە پرسی “میدیای سێبەر” چییە؟ ئەمەش بۆ من جێگەی تێڕامان بوو کە ئێمەی کورد لە هەرێمی کوردستان جۆرە میدیایەکمان هەیە کە براندێکی تایبەتد بە خۆمان و لە کەم شوێن وێنەی هەیە. هەر ئەو جۆرە میدیایەش هۆکاری خراپی دۆخی رۆژنامەنووسی کوردییە، لەنێویاندا پرسی فەیک نیوز.

بۆیە لەم وتارە کورتەدا دەمەوێ چەند ئەنجامێکی توێژینەوەکەم بۆ یەکەمجار بە زمانی کوردی بڵاوبکەمەوە. بەو هیوایەی بتوانرێ توێژینەوەی چڕوپڕتر لە ئاستی دکتۆرا لەم بوارە گرنگە نوێیەدا ئەنجامبدرێت.

نەبوونی داتا

هەموو توێژەرێک پێویستی بە داتای کۆن و نوێیە بۆ ئەوەی بتوانێ وەڵامی پرسیارەکانی توێژینەوەکەی بداتەوە. تەنها داتایەک لەبارەی فەیک نیوز لە کوردستان هەبێ ئەو راپۆرتەیە کە کۆمپانیای فەیسبووک لە سەرەتای مانگی شەشی ساڵی ٢٠٢٠ بڵاویکردەوە. راپۆرتەکە زانیاری زۆر گرنگی تێدایە لەبارەی ئەوەی چۆن یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی تەرخانکردنی ٢٧٠ هەزار دۆلار دۆلار کەمپەینی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و زانیاری ساختەی ئەنجامداوە. راپۆرتەکە بەڕوونی ناوی دەزگای زانیاری و لاهوور تاڵەبانی دەهێنێت و بە سپۆنسەری ئەو کەمپەینە ناویاندەبات. وەک فەیسبووک دەڵێت، ئامانجەکەی لێدان بووە لە پارتیی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی. بەڵام راپۆرتەکە بێ کەموکورتی نییە بەتایبەت ئەوەی کە کۆمپانیایەکی ئەهلی بەناوی ‘گرافیکا‘ شیکردنەوەی بۆ کردووە و هەموو فۆکەسەکەش لەسەر پەیجەکانی یەکێتی و دەزگای زانیاری نزیک لە ماڵی تاڵەبانین. لەکاتێکدا راپۆرتەکە باسی هیچ پەیج و گرووپێکی پارتی نەکردووە کە ئەوانیش بەهەمانشێوە بەرپرسن لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی فەیک نیوز.

سەرەڕای ئەو رەخنەیەش، داتاکەی فەیسبووک بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی دەزگای زانیاری لەڕێگەی ٣٢٤ پەیج و گرووپی فەیسبووک و ئینستاگرام، کە چوار ملیۆن و نیو لایک و فۆڵۆوەریان هەبووە، زانیاری و هەواڵی ناڕاستیان بڵاوکردووەتەوە و نەیارەکانیان کردووەتە ئامانج، هەر گرنگە.

جگە لە فەیک نیوز، داتا لەبارەی ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا لە کوردستان و ژمارەی سەدانکەرانی وێبسایتەکان نییە. ئەو داتایەنەش بەردەستن بەگشتی عێراق دەگرێتەوە نەک کوردستان بە تەنیا. بۆ نموونە، بەپێی ئاماری ‘داتا پۆرتاڵ’ کە وێبسایتێکی تایبەتە بە ئاماری دیجیتاڵ تێکنۆلۆجی، ژمارەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە عێراق لەنێوان ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ بەڕێژەی ٥٥٪ زیادیکردووە، واتە ١١ ملیۆن کەسی نوێ توانیویانە ئینتەرنێت بەکاربهێنن، بەوەش لە عێراقدا تاوەکو ٢٠٢٠ نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس دەستیان دەگاتە ئینتەرنێت. هەروەها لە عێراقدا نزیکەی ٢١ ملیۆن بەکارهێنەری سۆشیاڵ میدیا هەیە و تەنیا لە نۆ مانگی ٢٠١٩ نزیکەی دوو ملیۆن بەکارهێنەری نوێ بۆ سۆشیاڵ میدیا لە عێراقدا زیادبوون. 

بەگشتی خوێندکاری ماستەر، بەپێچەوانەی دکتۆرا، رێگەپێدراوە بۆ توێژینەوە تەنیا پشت بە سەرچاوەی دووەم ببەستێت، بەڵام من دوو رێگەم گرتەبەر بۆ ئەوەی بتوانم زانیاری پێویست کۆبکەمەوە: یەکەمیان ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند رۆژنامەنووس و شارەزایەکی بواری میدیا لە کوردستان بۆ ئەوەی بارودۆخی میدیا بەگشتی روونبکەنەوە. دووەمیش ئەنجامدانی راپرسییەکی ئۆنلاین بۆ ئەوەی بۆچوونی بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا لەبارەی فەیک نیوز و میدیا لە کوردستان بزانین.

فەیک نیوز: پرسێکی کۆن، دیاردەیەکی نوێ

بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست و پڕوپاگەندە لە کوردستاندا نوێ نییە، واتە هاوکات نییە لەگەڵ ئەم دیاردە نوێیەی پێیدەگوترێ فەیک نیوز. بە بڕوای رۆژنامەنووسان و پسپۆڕانی بواری میدیا، ئەگەر مێژووی دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانی عێراق وەربگرین، ئەوا دەکرێ فەیک نیوز دابەشبکرێت بۆ سێ قۆناغ.

سەرەتای دەستکردن بە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە و هەواڵی درۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای ساڵانی نەوەتەکان کە ئەو کاتە شەڕی ناوخۆی نێوان پارتی و یەکێتی وایکرد هەردوو حیزب بە سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی ئەو کاتەی میدیا بەتایبەت لە بواری وێنە و ڤیدیۆ، بەشێوازی نوێ و کاریگەر پڕوپاگەندە دژی یەکدی بڵاوبکەنەوە، ئەمە دەتوانرێ بە قۆناغی یەکەم ناوببرێت.

قۆناغی دووەم دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ساڵانی ٢٠٠٠ کە ئەوکات تازە رۆژنامەی هاووڵاتی وەک یەکەم میدیای سەربەخۆ دامەزرابوو. لەو قۆناغەدا هێزە دەسەڵاتدارەکان بۆ شێواندانی وێنەی میدیای سەربەخۆ دەستیانکرد بە چاپکردن سەدان رۆژنامە و گۆڤار و دامەزراندنی دەیان رادیۆ و تەلەڤزیۆن، بەوەش پشێویان لەنێو میدیا دروستکرد.

بە گەشەکردنی میدیای دیجیتاڵی و دواتریش هاتنەکایەی چەندین پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیا لەنێویاندا فەیسبووک، یوتیوب، توویتەر، ئینستاگرام، سناپچات، تەلەگرام و تیک تۆک قۆناغی سێیەم دەستیپێکرد، کە ئەمەی ئێستا کۆنترۆڵکردنی هەواڵ و زانیاری تێیدا زۆر قورسە، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت. چونکە میدیا لەدەستی کەمینەیەک یان دەوڵەت و دامەزراوەکان نەماوە، بەڵکو هەموو تاکێک لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی خۆیەوە دەتوانێ زانیاری بڵاوبکاتەوە. هەندێکجار یەک کەسی بەنێوبانگ دەتوانێ هێندەی چەندین دامەزراوەی میدیای زیاتر کاریگەری لەسەر خەڵک هەبێت، بۆیە ئەو کەسە دەتوانێ پلاتفۆرمەکانی خۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاستیش تەرخانبکات.

بەبڕوای شارەزایان، ئەوەی وایکردووە هەواڵ و دەنگۆی ناڕاست لە کوردستان بە ئاسانی بڵاوبێتەوە ئەوەیە کە بارودۆخی سیاسی و ئابووری سەقامگیر نییە، لەو دۆخە دژوارانەشدا زانیاری بە ئاسانی دەگاتە خەڵک و بەهۆی نەبوونی میدیایەکی نیشتمانی و سەربەخۆش خەڵک ناچارن لەڕێگەی سۆشیاڵ میدیاوە زانیاری بەدەستبهێنن، جا راست بێ یان دۆر.  

هەرچەندە لە بنەڕەتدا سۆشیاڵ میدیا (تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان) بۆ پەیوەندی نێوان خەڵک دروستکراون، بەڵام ئێستا بوونەتە سەرچاوەی سەرەکی هەواڵ و زانیاری بەشێکی زۆر لە خەڵک. ٥٤٦ کەس بەشداری راپرسییە ئۆنلاینەکەی توێژینەوەکەمیان کردبوو. زیاتر لە ٥٠٪ ئەو کەسانە دەڵێن هۆکاری یەکەمیان بۆ سەردانی سۆشیاڵ میدیا دەستخستنی زانیاری و هەواڵی رۆژانەیە. تەنیا ٧.٤٪ دەڵێن بۆ قسەکردن و زانیاری لەبارەی هاوڕێ و خزمەکانیان سەردانی سۆشیاڵ میدیا دەکەن. 

زۆرینەی زۆری ئەوانەی بەشداری راپرسیەکەیان کردووە دەڵێن، بۆ وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری پشت بە وێبسایتەکانی هەواڵ و سۆشیاڵ میدیا دەبەستن، لەنێو ئەوانەشدا زۆرینەیان (لە ٥٦.٥٪) دەڵێن لە سۆشیا میدیاوە هەواڵ وەردەگرن، لە ٢١.٩٪ لە وێبسایتەکانی هەواڵ، بەڵام ١٨.٢٪ دەڵێن تائێستاش لە تەلەڤزیۆنەوە تەماشای هەواڵەکان دەکەن. رادیۆ و رۆژنامەش کەمترین جەماوەریان هەیە بۆ وەرگرتنی هەواڵ. 

زۆرینەی رەهای بەشدارەبووەکان (٩٣٪) دەڵێن فەیسبووک شوێنی یەکەمی وەرگرتنی هەواڵ و زانیاری رۆژانەیانە. تەنیا کەمێکیش ئەم پلاتفۆرمانەی دیکەیان باسکردووە وەک سەرچاوەی هەواڵ: ئینستاگرام ٤.٢٪، تیکتۆک ١.٧٪، توویتەر ٠.٧٪. لێرەدا کێشەیەکی گەورە هەیە، زۆرینەی خەڵک لە فەیسبووکەوە هەواڵ وەردەگرن، فەیسبووکیش شوێنێک نییە بەکارهێنەر خۆی دیاریبکات سەرچاوەی هەواڵەکەی کوێیە، بەڵکو لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە، کە ئەلگۆریزمی فەیسبووک بڕیاریان لەسەر دەدات، بەکارهێنەر هەواڵ و زانیار دێتە سەر شاشەکەی.

سەرچاوەی یەکەمی فەیک نیوز: حیزب و میدیای سێبەر

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەنێوان میدیای فەرمی حیزبەکان، میدیای سێبەر و میدیای سەربەخۆ کامیان  بە سەرچاوەی یەکەمی فەیک نیوز دەزانیت؟ نزیکەی لە ٤٠٪ی بەشداربووان میدیای سێبەر هەڵدەبژێرن. هەروەها ١٤.٥٪ میدیای حیزبی و ٢.٤٪ میدیای سەربەخۆ بە هۆکار دەزانن. بەڵام رێژەی ٤١.٦٪ کە لە هەموویان زیاترە، پێیانوایە هەر سێ جۆرەکەی میدیا سەرچاوەی زانیاری و هەواڵی ناڕاستن. ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنجە، خەڵک میدیای سێبەر، کە لە ڕواڵەتدا لە میدیای فەرمی حیزبەکان بێلایەنترن، لە میدیا حیزبیەکانیش بە مەترسیدارتر دەبینێ بۆ بڵاوکردنەوە فەیک نیوز.

هەروەها سەرجەم ئەو رۆژنامەنووس و شارەزایانەی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە بەڕوونی ئەوە دەخەنەڕوو کە بەرپرسیار و سەرچاوەی یەکەمی دروستکردن و بڵاوکردنەوەی زانیاری درۆ و پڕوپاگەندە حیزبە سیاسییەکانن بەتایبەتی دوو پارتی دەسەڵاتدار (پارتی و یەکێتی)، زۆرینەی ئەو پڕوپاگەندانەش لەڕێگەی میدیا و پەیجی سێبەرەوە بڵاودەکەنەوە. بۆ نموونە، کەمال رەئووف، سەرنووسەری پێشووتری هاووڵاتی و سەرنووسەری ئێستای شارپرێس دەڵێت، زانیاریان ئەوەیان هەیە کە حیزبی سیاسی هەیە لە کوردستان لەڕێگەی زیاتر لە هەزار پەیج و ئەکاونتەوە لە سۆشیاڵ میدیا زانیاری ناڕاست وپروپاگەندە بڵاودەکاتەوە. د. هێرش رەسووڵ دەڵێت، حیزبە سیاسییەکان سەرچاوەی یەکەمی هەواڵ ناڕاستن، میدیا فەرمی و سێبەرەکانیشیان نەک دژی فەیک نیوز نین بەڵکو ستراتیژیان هەیە کە چۆن لەڕێگەی هەواڵ و زانیاری دروستکراو و وناڕاستەوە خەڵک بەلاڕێداببەن. 

ژینگەی سیاسی و دابەشبووی حیزبی یارمەتیدەری فەیک نیوزە

ژینگەی سیاسی و بیڕوڕای حیزبی یارمەتیدەری بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاستن، بەجۆرێک ئەو کەسانەی سەر بە لایەنێکی سیاسین زیاتر متمانە بە هەواڵی میدیاکانی لایەنەکەی خۆیان دەکەن و زۆرجاریش بەبێ دڵنیابوونەوە زانیارییەک لە سۆشیاڵ میدیا شەیر دەکەن. بارودۆخی هەرێمی کوردستان کە دابەشبووە لەنێوان دوو زۆنی جوگرافی و سیاسیدا یارمەتیدەرێکی زیاترە چونکە زانیاری ناڕاست لە بارودۆخی ناسەقامگیر و دابەشبوونی سیاسیدا زیاتر جێگەی خۆی دەکاتەوە. ئەم جۆرە پێیدەگوترێت Confirmation Bias، واتە بەکارهێنەرێک کە بیروڕای سیاسی و ئایدۆلۆژی لەگەڵ گرووپێکدایە ئیدی هەر هەواڵیکی هەڵە بەمەرجێک هاوشێوەی بیرکردنەوەی گرووپەکەی خۆی و دژی نەیارەکانی بێت، بە ڕاستی دەزانێ و ئامادەیە بڵاویبکاتەوە. هەر زانیارییەکیش، ئەگەر راستیش بێ بەڵام دژی گرووپەکەی بێت، ئەوا بە درۆی دادەنێت.

بەپێی ئەنجامی راپرسیەکە رێژەی لە ٧٥٪ی فەیک نیوز لە کوردستان لە بوارەکانی سیاسەت و هەڵبژاردندایە، هەوەها نزیکەی ١٧٪ لە بواری ئابووری و ٨٪ لەبارەی کەسایەتییە بەنێوبانگەکانە. دابەشبوونی سیاسی و حیزبی لە کوردستان یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی ئەو رێژە زۆرەی (٧٥٪)ی هەواڵ و پڕوپاگەندەی ناڕاستی بواری سیاسەت و هەڵبژاردن بە ئاسانی لەلایەن بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیاوە بڵاوبکرێنەوە.

زیاتر لە ٤٠٪ی ئەوانەی بەشداری راپرسییەکەیان کردووە، دەڵێن متمانە بە نزیکەی ٥٠٪ی هەر زانیاری و هەواڵێک دەکەن کە لە سۆشیاڵ میدیا بەرچاویان دەکەوێت. هەروەها لە ٢٥٪ دەڵێن ئاگاداری ئەوەن کە پۆستێکیان لە سۆشیاڵ میدیا شەیر کردووە و دواتر بۆیان دەرکەوتووە ئەو زانیارییە درۆ بووە. بەڵام نزیکەی لە ٧٠٪ دەڵێن هەواڵی ناڕاستیان بڵاونەکردووەتەوە. 

 دابەشبوونی سیاسی و حیزبی لە ئاستی میدیاکانیشدا رەنگیداوەتەوە. بۆ نموونە زۆر جار بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەکەن و قسەی بۆ ناکەن، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی سیاسی. لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتار و بەرپرسانی نەوەی نوێ قسە بۆ کەناڵەکانی کوردستان٢٤ و رووداو و هەموو میدیا فەرمییەکانی دیکەی پارتیش ناکەن. تەنانەت سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کەناڵەکانی پارتی و یەکێتی بە سەرچاوەی زانیاری درۆ و پڕوپاگەندە ناوبرد. لەکاتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکیشدا ئەمە بەڕوونی لە میدیاکاندا دەبینرێت، بۆ نموونە هەمان خۆپیشاندان لە کەناڵە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە بە چڕی رووماڵ دەکرێت و دەیانەوێ وێنەکەی گەورە بکەن، بەڵام کەناڵی کوردستان٢٤ نەک رووماڵی ناکات بەڵکو خەڵک دەدوێنێ کە دژی خۆپیشاندەران قسەبکەن و خۆیشی خۆپیشاندەران بە ئاژاوەگێڕ ناودەبات. 

خەڵک متمانەی بە میدیا و حکومەت نییە

لە ٧٠٪ی ئەوانەی بەشداری راپرسییەکەیان کردووە ئاماژە بەوە دەکەن فەیک نیوز و پڕوپاگەندە وایلێکردوون چیدیکە متمانە بە میدیاکان و حکومەت نەکەن. لەوەش زیاتر، زیاتر لە ٩٠٪ باوەڕیان بەوە نییە میدیای سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستاندا هەبێت. 

لەبارەی ئەوەی متمانە بە کام جۆر لە سەرچاوەی هەواڵ دەکەیت، نزیکەی ٥٠٪ دەڵین متمانەیان زیاتر بە هەواڵی تەلەڤزیۆنە. لە پلەی دووەم وێبسایتەکانی هەواڵ دێن بە رێژەی لە ٢٨.٪، سۆشیاڵ میدیاش بە ڕێژەی ٢١٪. 

لەبارەی ئەوەی متمانە بە کام جۆرە لە پەیج و ئەکاونت دەکەیت لە سۆشیا میدیا، نزیکەی نیوەی ئەو ٥٤٦ کەسەی بەشداری راپرسیەکەیان کردووە دەڵێن، زیاتر متمانە بە پەیجە ناسراوەکانی میدیاکان دەکەن، هەروەها ٢٢.٧٪ متمانە بە زانیاری هاوڕێکانیان لە فەیسبووک و ١٩.٧٪ متمانە بە زانیاری پەیجی کەسایەتی و هونەرمەندە ناسراوەکان دەکەن. بەڵام پەیجەکانی حکومەت و پەیجە نەناسراوەکان کەمترین متمانەیان هەیە لەنێو خەڵکدا.

ئەنجام:

ئەنجامەکانی هەردوو رێگەکە -چاوپێکەوتن و راپرسی- ئەوە دەردەخەن لە کوردستان بە پلەی یەکەم حیزبە سیاسییەکان و میدیای سێبەر بەرپرسیارن لە دروستکردن و بڵاوکردنەوەی فەیک نیوز، بۆ ئەمەش هەردوو پارتی دەسەڵاتدار – پارتی و یەکێتی زۆرترین رۆڵیان هەیە.

ئەنجامەکان ئەوەشمان پێدەڵێن، لە هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو، میدیاکان نەک بەشێک نین لە رووبەڕووبوونەوەی فەیک نیوز، بەڵکو زۆرجار خۆیان بەشێکن لە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لە بەرژەوەندی ئەو حیزب یان کەسایەتیەی کە پشتگیری دەکات. زانیاری ناڕاست بووەتە هۆی ئەوەش کە وەرگر متمانەی زیاتر بە حکومەت و میدیاکانیش لەدەستبدات و سەرچاوەکانی حکومەت خاوەنی کەمترین متمانەن.

زۆرینەی خەڵک بۆ وەرگرتنی زانیاری پشت بە سۆشیاڵ میدیا، بەتایبەتی فەیسبووک، دەبەستن. لەگەڵ ئەوەشدا نەبوونی هۆشیاری پێویست لەبارەی فەیک نیوز وایکردووە خەڵک بە ئاسانی ببنە نێچیری هەر هەواڵ و زانیارییەکی ناڕاست، هەندێکجاریش بەبێ ئاگایی ببنە سەرچاوەیەکی دیکەی دووبارە بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاستەکە.

*حەکیم داود قەرەداغی رۆژنامەنووس و توێژەرە. ماستەری لە رۆژنامەنووسی نێودەوڵەتی لە زانکۆی سالفۆرد لە بەریتانیا بە پلەی یەکەم بەدەستهێناوە. ئەزموونی نزیکەی ١٢ ساڵ کارکردنی لە چەندین میدیای نووسراوە، خوێنراو و بینراوی کوردستاندا هەیە لەنێویاندا ئێن ئاڕتی، رووداو،  کەی ئێن ئێن. بە زمانەکانی کوردی بۆ میدیاکانی کوردستان و بە زمانی ئینگلیزیش بۆ میدیاکانی ناوچەکە و جیهان دەنووسێت. وەک گەنجێک بەشداری پرۆگرامی گەنجانی سەرکردەی عێراقی لە ئەمریکا کردووە. هەروەها سکۆلەرشیپی چیڤنینگی بەریتانی بۆ خوێندنی ماستەر پێبەخشراوە.

Leave a Reply

Your email address will not be published. Required fields are marked *